Accessibility links

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، زیندانی کورد دەکات


لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە مەترسی لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، زیندانی کوردی یارسانی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی چوارشەممە 1ی مانگی پێنج لە بەیاننامەیەکدا داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی جێبەجێکردنی سزای ئەو زیندانییە دەکات کە لە دوایین خۆپیشاندانەکانی دوای گیان لەدەستدانی ژینا دەستبەسەرکراوە.

ڕەزا ڕەسایی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 لە میانەی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستبەسەر کرا و لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی بە ئەنقەستی نادر بەیرامی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان، لەلایەن دادگای تاوانەکانی کرماشانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و سزاکەشی لە سەرەتای مانگی یەک لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پشتڕاستکرایەوە.

پێشتر شایەتحاڵێکی دیمەنی کوشتنی نادر بەیرامی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو " لە وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی ناڕەزایەتییەکاندا ڕەزا لە هیچ کام لە ڤیدیۆکاندا دیار نەبووە و کاتێک ڕەزا گەیشتووەتە شوێنی نادر بەیرامی، ناوبراو نیوە گیان بووە و خەڵکە لە دەوری کۆبووونەتەوە و سەیریان کردووە و ڕەزاش وەک یەکێک لەو کەسانەی کە لەوێ وەستاون، تەنها سەیری کردووە."

بەیاننامەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کە ئاراستەی بەرپرسی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەسایی لە کاتێکدا لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا چەندین جار ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بووەتەوە، بەڵام تۆمەتی کوشتنی بەرپرسی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ڕەتکردووەتەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕەسایی لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی دەستبەسەرکردنیدا بە شێوەیەک لە شێوەکان بێسەروشوێن کراوە و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک بووەتەوە، وەک لێدان، توندوتیژی سێکسی، لێدانی تەزووی کارەبا، خنکان و زیندانیکردن لە ژووری تاکەکەسی زینداندا.

ئەمە دووەمجارە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی نیگەرانی خۆی لە مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ڕەسایی دەدەبڕێت و داوای ڕاگرتنی سزاکەی دەکات.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ڕەزا ڕەسایی، بە گرووپەکانی مافەکانی مرۆڤی ڕاگەیاندووە "مەترسی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ئارادایە."

ماوەیەک پیش ئێستاش ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش داوای ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی و زیندانیانی سیاسیی دیکەی کرد و هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "سیاسەتێکی یەکلاکەرەوە و سەقامگیر" بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بگرنەبەر.

ئەو ڕێکخراوەیە هۆشداری دا سەبارەت بە زیادبوونی بەرچاوی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و ئاماژەی بەوەدا کە تەنها لە ماوەی پێنج ڕۆژدا 23 کەس لە زیندانە جیاوازەکانی ئێران لە سێدارە دراون.

XS
SM
MD
LG