Accessibility links

ڕاپۆرتێکی نوێ دەریدەخات مەترسییەکانی سەر ڕۆژنامەنووسانی ژینگەیی زیاتر بووە


بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژی هەینی لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا بڵاوکرایەوە، ڕاپۆرتکردن لەسەر هەسارەکەمان بووەتە کارێکی مەترسیدار. ڕاپۆرتەکە دەریدەخات کە سەدان ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا کە ڕووماڵی بابەتەکانی وەکو گۆڕانی کەش و هەوا و کانەکان و لە داماڵینی دارەکانی دارستان کردووە، لە 15 ساڵی ڕابردوودا هێرشییان کراوەتە سەرییان و دەیان کەسییان کوژراون.

ئامارەکەی یونسکۆ و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان تیشکی خستووەتەسەر مەترسییەکانی سەر ڕۆژنامەنووسانی ژینگەیی.

گویلهێرم کانێلای بەرپرسی بەشی ئازادی ڕادەربڕین و پارێزراویی ڕۆژنامەنووسان لە یونسکۆ دەڵێت " نیگەرانکەترین داتا ئەنجامە گشتییەکەیە، ئەوەی کە لە سەدا 70 ی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە چاوپێککەوتنییان لەگەڵدا کراوە پێیان وتووین کە لە کاتێکدا کە ڕووماڵی پرسەکانی ژینگەیان کردووە لانیکەم ڕووبەڕووی جۆرێک لە جۆرەکانی توندوتیژی یاخود هێرش بوونەتەوە، ئەوەش زۆر زۆرە."

ئەنجامی توێژینەوەکە لە چاوپێککەوتنەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، چاوپێککەوتن لەگەڵ زیاتر لە 900 ڕۆژنامەنووسدا کراوە کە لە ساڵانی نێوان 2009 بۆ 2023 دا لە 129 وڵاتدا کارییان لەسەر پرسەکانی ژینگە کردووە. زیادبوونی بەرچاویی هێرشەکان دەردەخەن، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا هێرشەکانی سەرییان بۆ زیاتر لە سەدا 40 زیادیکردووە. توندوتیژییەکانیش بەرامبەرییان بریتی بوون لە هێرشکردنە سەرییان یاخود دەستگیرکردنییان، تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژییان و دژایەتیکردنییان لە ڕێی ئۆنلاینەوە.

بەپێی توێژینەوەکە، لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا 44 ڕۆژنامەنووس کوژراون و 39 ڕۆژنامەنووسی دیکە لەسەر ڕووماڵکردنی بابەتەکانی ژینگە زیندانیکراون.

کانێلا وتی " لە کۆی ئەو 44 کوشتنە، تەنها لە پێنج دۆسییەیاندا دادگا بڕیاریداوە تاوانباران سزا دراون. ئەمە نەک تەنها ڕێژەیەکی زۆری کوشتنە بەڵکو ڕێژەیەکی زۆری ئەوانەشە کە لەسەر ئەو کوشتنانە سزا نەدراون."

کانێلا باسی لە دۆسییەک کرد، دۆسییەی کوژرانی ڕۆژنامەنووسی بەڕیتانیایی دۆم فیلیپس لە ساڵی 2022 دا، فیلیپس لێکۆڵینەوەی دەکرد لەسەر کارەساتە ژینگەییەکە لە ئامازۆن. فیلیپس پێش ئەوەی بکوژرێت هەڕەشەی کوژرانی لێکراوە. پۆلیسی بەڕازیل لەو کاتەوە چەندین گومانلێکراوی دەستگیرکردووە.

کانێلا سەبارەت بە هۆکاری زیادبوونی هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەنووسانی ژینگە وتی " سەرەتا، ئەوە دەریدەخات کە ڕۆژنامەنووسان زیاتر و زیاتر ڕووماڵی پرسەکانی ژینگە دەکەن، لەبەرئەوە ڕەنگە ئەوە جێی بێزارکردنی بەرژەوەندییە بەهێزەکان بێت، بەرژەوەندییەکان هەرچییەک بن، ئەو بەرژەوەندییانەی کە پەیوەستن بەمەوە."

هاوکات ڕۆژنامەنووسانی ژینگە زۆرجار دەچنە شوێنە دوورەدەستەکان. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ڕۆژنامە هەواڵییە بچووک و نەناسراوەکان و ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆکان زیاتر ئەو کەسانەن کە ڕووماڵی پرسە ژینگەییەکان دەکەن، ئەوەش وادەکات زۆر لاواز بن لەبەردەم مەترسییەکاندا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG