Accessibility links

ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ: ڕاگەیاندراوەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئازادی ڕاگەیاندن گاڵتەجاڕییە


"دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق، کۆتاییبهێنن بەو پێشێلکاریانەی دەیکەن لە بەرامبەر ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندن." ئەمە دەستپێکی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵە لەسەر ڕەوشی ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.

ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت "ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵاتداران سەبارەت بە ئازادی ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕین، بێجگە لە گاڵتەبازاڕییەک زیاتر هیچی تر نییە، لە ڕوانگەی ئەو هەڵمەتانەی دەیکەنە سەر ئازادیی ڕۆژنامەوانی و هەراسان کردن و ترس و تۆقاندنی ڕۆژنامەوان و کەوتنە دوای ڕۆژنامەوانان، بەتایبەتیش ئەوانەی وەک دەگوترێت باس لە گەندەڵی و ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان دەکەن، یان ئەوانەی ڕەخنەیان گرتووە لە شێوازی سەودای دەسەڵاتداران لەگەڵ بابەتە کۆمەڵایەتییەکاندا."

دکتۆر ڕێبوار فەتاح، نوسەر و پسپۆڕی میدیا، گەشبین نییە و دەڵێت "لەوبڕوایەدا نیم حکومەتی هەرێم بتوانێت هەنگاوێک بنێت کە ئازادی بۆ کۆمەڵگە دەستەبەر بکات، جا ئازادی ڕۆژنامەوانی بێت یان هەرچ ئازادییەکی تر بێت، بە پێچەوانەوە، من دەڵێم هەنگاوی دژ بەوە دەنێت."

سەرتیپ جەوهەر، نوسەر و ڕۆژنامەوان لەوبڕوایەدایە چەند ساڵێکە ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەیان کردووە بەهۆی ئەو ڕەوشە سیاسییەی لە هەرێمدا هەیە و دەشڵێت ئاڵۆزبوونی پەیوەندییە سیاسییەکانی ناو هەرێم و بەتایبەتیش لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا کاریگەرییەکی خراپی هەیە بەسەر ئازادییەکانەوە و دەڵێت "ئەو ئاڵۆزییە سیاسیانە دەبنە مایەی لاوازبوونی دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان کە بەشێکن لە پێکهاتەی دیموکراتی."

سەرتیپ جەوهەر، بەشێکی تری هۆکاری پاشەکشەکردنی ئازادییەکانی ڕۆژنامەوانی و ڕادەربڕین دەگێڕێتەوە بۆ نەمانی ڕۆژنامەوانیی ئازاد لە هەرێمدا و دەڵێت "ئەمەش وەهای کردووە کە میدیاکان ببنە بەشێک لە دامەزراوەکانی حزبەکان و لە کاتی ڕووماڵکردنەکاندا بەشیکی دەشارنەوە؛ بێ لەوەش دوو حکومەت کار دەکات و زۆنی زەرد و زۆنی سەوز، کە پارتی و یەکێتی، ئەویان لە هەولێر و ئەمیان لە سلێمانی، ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی هەبووە بەسەر ئازادییەکانەوە و ئێستاش ڕێکخراوە جیهانییەکانی وەک ئەمنیستی قسەی لەسەر دەکەن.

دکتۆر ڕێبوار، دەڵێت کوتومت لەگەڵ ڕای ئەمنیستی ئینتەرناشناڵدایە کە لاف و گەزافی دەسەڵاتدارنی هەرێم بە هەبوونی ئازدییەکانەوە جێی پێکەنینە و دەڵێت "لە هەرێمی کوردستاندا هیوا ماوە، بەڵام هیوا بەو دەسەڵاتە نەماوە، چونکە دەسەڵات هەموو ئارگیومێنتێکی خۆی دۆڕاندووە جا لە ئاستی هەرێم یان عێراق یانیش لە ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتیشدا بێت، هەموو دەزانن کە دەسەڵاتدارانی هەرێم ناتوانێت ژینگەیەک بئافرێنێت ئازادییەکانی تیادا دەستەبەر بێت. ئەو هیوایەی کە ماوە، هیوایە بەو کەسانەی ساڵانێکی دورودرێژە چالاک بوون و بەشدارن لە گۆڕانکارییە ئەرێنییەکانی ناو کۆمەڵگەدا."

بیسان فەقێ، لە ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت "ناشێت هیچ کەسێک تەنها لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەوانە، ڕووبەڕووی تەنگپێهەڵچنین و تۆقاندن ببێتەوە. دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ کۆت و مەرجێک، هەر هەموو ئەوانەی لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی دەستگیکراوان، ئازاد بکرێن. دەبێت دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان پشتیوانی بکات لە مافی مرۆڤ و ئازادی ڕۆژنامەوانی و هەنگاوی متمانە پێکراو بنێت بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو کە ڕۆژنامەوانان بە پارێزراوی کاری خۆیان بکەن و ڕێگەبدرێت خەڵک ئازادانە ڕای خۆیان دەربڕن."

ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەنوسێت "هێرشەکان و هەراسان کردن و ترس و تۆقاندنی ڕۆژنامەوانان، کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی و خراپی هەبووە بۆ سەر مافەکانی ئازادی ڕۆژنامەوانی و ڕادەربڕین و بە ئەندازەیەکیشە چەندان ڕۆژنامەوان ناچاربوون زێدی خۆیان جێبهێڵن و ڕابکەن یان خۆیان بشارنەوە، یانیش بە ناچاریی دەستبەرداری کاری ڕۆژنامەوانی ببن."

بیسان فەقێ، بەڕێوبەری بەشی عێراق لە ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت "دەستدرێژییەکانی دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستان بۆ سەر ئازادییەکانی ڕۆژنامەوانی بۆتە مایەی دروستبوونی فەرهەنگی ترس و پێداگر لە سەر سەرکوتکردنی جودابیریی ئاشتیانە و درێژەدان بەو پەناپارێزییەی سەرکوتکاران هەیە."

ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ لە ڕاپۆرتەکەیدا داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات هەتا "سنورێک بۆ ئەو دەستدرێژیانە دابنرێت کە دەکرێنە سەر ئازادییەکانی ڕۆژنامەوانی و ڕادەربڕین."

ئایا دەسەڵات بۆ لەمەودوا لە هەرێمی کوردستاندا دەتوانێت ژینگەیەکی گونجاو بۆ ئازادییەکان بڕەخسێنێت؟

دکتۆر ڕێبوار ئاماژەدەکات بەوەی دەسەڵات یان دەوڵەت ڕۆڵێکی کاریگەییان هەن و دەتوانێت ئەو ژینگەیە بڕەخسێنێت کە ئازادییەکان تیایدا دەستەبەر بن و دەشڵێت دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان، گردبوونەوەی فەرمی و نافەرمی، کۆمەڵگە ڕێکدەخەن وەک پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریی، سیستەمی ئابوری، ئەو دامەزاراوانەی ئاسایش دەپارێزن، سیستەمی خوێندن و خوێندنی باڵا، زۆر لایەن و بابەتی تریش کە هەر هەمووی پێکەوە کاریگەرییان هەن، بەڵام لەمڕۆی هەرێمدا ئەم دامەزراوانە بوونیان نییە، پەرلەمان داخراوە، حکومەت کاربەڕێکەرە، دەسەڵاتی دادوەریی پرس و گومانی لەسەرە، ئەمانە هەموویان کراون بە دەزگای حزبی و بنەماڵەیی، تەنانەت زانکۆکان لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتووەوە کۆنترۆڵکراون؛ ئیتر بۆیە دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا ناتوانێت ژینگەیەکی وەها بڕەخسێنێت کە ئازادییەکانی تیادا دەستەبەر بێت."

سەرتیپ جەوهەر نکوڵی ناکات لەوەی پەسەندکردنی یاسای ڕۆژنامەگەریی دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ ڕۆژنامەوانان، ئەوەی ئێستاش جەختی لێدەکرێتەوە پرسی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانانە و دەڵێت "دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستان خۆیان دزیوەتەوە لەو یاسایە، بەشێک لە دادوەرانی هەرێمی کوردستان ناچارکراون کاتێک ڕۆژنامەوان دەستگیردەکرێن و تۆمەت دەخرێنە پاڵیان، ئەوان تۆمەتی تریشیان بخەنە سەر وەک سیخوڕایەتیکردن بۆ کونسوڵخانەکان، لە کاتێکدا دۆسێیەکەی ئەو ڕۆژنامەوانە پەیوەندی هەبووە بە ئازادی ڕادەربڕینەوە، بەڵام بە یاسای سزادانی عێراقی، بڕیاریان لە سەر دەدرێت. هەرچەندە هەوڵیش هەبووە تا ڕۆژنامەوانان بە یاسای کاری ڕۆژنامەوانی دادگایی بکرێن، بەڵام چونکە تەواوی دامودەزگاکانی هەرێم بەشێن لە ململانێی سیاسی، ئاوەهاش دامەزراوەی دادوەری و بەشێک لە دادوەران بوونەتە بەشێک لە کارنامەی سیاسی، بەداخەوە دەڵێم دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، ئەزموونی خراپی دیکتاتۆرەکانی جیهان دووبارە دەکەنەوە."

سەرتیپ جەوهەر لەگەڵ گلەییەکانی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم، ڕەخنە لەو لایەنانەش دەگرێت کە خۆیان وەک ئۆپزسیۆن دەناسێنن و دەڵێت "هەڵوێستی لایەنەکانی خۆیان بە ئۆپزسیۆن ناودێر دەکەن، هەڵوێستێکی پۆپۆلیستانەیە و هەندێک پێوانەی تێپەڕاندووە کە کاریگەریی خراپیان هەبووە."

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق هیچ وەڵامێکیان بۆ ئەم ڕاپۆرتەی ئەمنیستی نەبووە، بەڵام پێشتر کاتێک وەڵامی ڕاپۆرتێکی لەم شێوەیەیان داوەتەوە، نکوڵی دەکەن لە ڕاستی زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکان.
لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، لە ڕاگەیەندراوەکانیاندا پاڵپشتییەکی گەورەیان ڕاگەیاندبوو بۆ ئازادیی ڕۆژنامەوانی.

XS
SM
MD
LG